لوڕه‌کان وه‌کو به‌شێکی گه‌وره له کومه‌ڵگای کورده‌واری ودانیشتوانی زنجیره چیای درێژ‌و پان و به‌رینی زاگروس، هه‌ر له سه‌ره‌تای ده‌ستپیکردنی ژیان و ...
کورته‌یه‌ک له‌سه‌ر لوڕ
پێشه‌کی
لوڕه‌کان وه‌کو به‌شێکی گه‌وره له کومه‌ڵگای کورده‌واری ودانیشتوانی زنجیره چیای درێژ‌و پان و به‌رینی زاگروس، هه‌ر له سه‌ره‌تای ده‌ستپیکردنی ژیان و مێژووی نووسراوی شارستانییه‌ت له داوینی شاخ و داخه‌کان و ده‌شت و دۆڵه‌کانی ئه‌م جوگرافیایه ژیاون و به پاراستنی زه‌وی و کولتور‌و زمانه‌که‌یان و...هتد، رۆلێکی یه‌کجار به‌رچاویان هه‌یه له هه‌موو بواره‌کاندا نه‌ک ته‌نها له ناوچه‌کانی دێرینی نیشته‌جیبوونی خۆیان، بگره له زۆر رووداو‌و پێشهاتی کومه‌ڵایه‌تی، ڕامیاری، ئابووری، سه‌ربازی، کولتوری و هتد، که له نیوان ده‌وله‌ت و نه‌ته‌وه دراوسێیه‌کانی رویداوه. لوڕه‌کان له زۆر بواردا بنه‌ڕه‌تیترین و سه‌ره‌کیترین به‌ردی بناغه‌ی شارستانییه‌ت و پیشکه‌وتنه مرۆڤایه‌تیه‌کانیان داناوه له ئاسیای ناوه‌ڕاست و رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستدا.
ئه‌و ئاسه‌وارانه‌ی که له ناوچه لوڕنشینه‌کاندا دۆزراونه‌ته‌وه نیشانده‌ری ئه‌وه‌ن که به‌ر له (80-100) هه‌زار ساڵ پیش زایین مرۆڤ له‌م ناوچانه ژیانی به‌سه‌ر بردووه‌و مێژووی شارستانییه‌ت و شارنشینی له ناوچه لوڕنشینه‌کان به گوێره‌ی زۆر لێکۆلینه‌وه‌ی زانستی و ئه‌کادیمی و مه‌یدانی و په‌یدابوونی زۆر ئاسه‌واری کۆن ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ دوانزه (12000) هه‌زار ساڵ به‌ر له زایین، ئه‌مه ئه‌و زانیاری و مێژووه‌یه که تا ئێستا به ده‌ست که‌وتووه‌و هیچ دوور نییه که له داهاتوودا له ئه‌نجامی لێکۆلینه‌وه‌کان و په‌یدابوونی ئاسه‌وارو نیشانه‌ی دیکه ئه‌م مێژوویه بگه‌ڕیته‌وه بۆ دواتر.
سه‌ره‌رای ئه‌و هه‌موو به سه‌رهات و ئاڵوگۆڕانه‌ی که به درێژایی چه‌ندێن هه‌زار ساڵ به سه‌ر ئه‌م به‌شه له نه‌ته‌وه‌ی کورد هاتووه‌و هه‌ر چه‌نده ته‌نانه‌ت زمان و زاراوه‌ی لوڕی نه‌هاتووه‌ته سه‌ر رێزمان وکاغه‌زو داب و نه‌ریت و کولتور‌و ئه‌ده‌ب و موسیقاو زاراوه‌و زمانی لوڕی هێشتا به شێوازیکی زاره‌کی ماوه‌ته‌وه، به‌ڵام پێکهاته‌ی کومه‌ڵگای لوڕی ئه‌وه‌نده کۆن و ریشه‌دارو قایمه، که تا ئێستاش زۆرینه‌ی تایبه‌تمه‌ندیه ره‌سه‌نه‌کانی خۆی به باشی و خاوینی پاراستووه‌و هه‌وڵدانی نه‌یارانی نه‌ته‌وه‌ی کورد بۆ تواندنه‌وه‌ی لوڕه‌کان له نیو خۆیان نه‌یتوانی وه بگات به ئه‌نجام.
* واتای وشه‌ی "لوڕ"
سه‌باره‌ت به واتای وشه‌ی "لوڕ" ،یان "لوێڕ" چه‌ند بیرِو بۆچوونی جۆراوجۆر له ئارادایه، ئه‌م وشه‌یه له هه‌ندێ له ناوچه لوڕنشینه‌کان به ئه‌و جیگایانه ده‌وتریت که دارستانی چڕ‌وپڕیان هه‌یه، له به‌ر ئه‌وه هه‌ندێ که‌س له‌و بڕوایه‌دان چونکه زۆرینه‌ی ناوچه لوڕنشینه‌کان شاخاوی و دارستانین، بۆیه ناوی لوڕ‌و لوڕستانیان به‌سه‌ردا بڕاوه، میر شه‌ره‌فخانی به‌دلیسی مێژوونووسی به ناوبانگی کورد که له قوناغێک له سه‌رده‌می سه‌فه‌وییه‌کان له باره‌گای شا ته‌هماسبی سه‌فه‌ویی کاروباری ناوچه کورد‌و لوڕنشینه‌کانی ژێر ده‌سه‌ڵاتی سه‌فه‌وییه‌کانی پێ سپێردرابوو له کتێبی شه‌ره‌فنامه جگه له‌وه‌ی که له لوڕه‌کان وه‌کو یه‌کێک له هۆزه سه‌ره‌کییه‌کانی نه‌ته‌وه‌ی کوردنێوده‌بات له سه‌ر ئه‌و بڕوایه‌دایه که ئه‌م به‌شه له نه‌ته‌وه‌ی کورد بۆیه ناوی لوڕیان به سه‌ردا دابڕاوه که له مه‌ڵبه‌ندی "مانرِوود" (ناوچه‌یه‌کی باشووری رۆژهه‌ڵاتی کوردستانه له نزیکه‌ی که‌نداوی هورموز) گوندێک هه‌یه به نێوی کورده‌و له نزیکی ئه‌و گونده ده‌ربه‌ندیک هه‌یه که به لوڕی پی ده‌ڵین "کووڵ"، له نێو ئه‌م ده‌ربه‌نده‌ش شوێنێک هه‌یه که نێوی "لوڕ" ه‌و له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ره‌چه‌ڵه‌کی هۆزو خێڵه لوڕه‌کان له سه‌ره‌تا دانیشتوی ئه‌و شوینه بوونه ناوی خۆیانیان ناوه "لوڕ".
له لایه‌کی دیکه‌وه له باکووری شاری ئه‌ندیمشک که ئێستا ده‌که‌وێته پارێزگای خوزستانی ئێران شارێکی کۆن و رۆخاو هه‌یه به نێوی "لوورِ" که ئاسه‌واری چه‌ندێن ئێمپراتۆرییه‌ت و ده‌سه‌ڵات، وه‌کو، ماده‌کان، پارته‌کان، ساسانییه‌کان، ئه‌شکانیه‌کان و سه‌ره‌تاکانی سه‌رده‌می ئێسلامییه‌ت تیایدا دۆزراوته‌وه‌و هه‌ندێ له مێژوونووسان بڕوایان وایه که ئه‌م شاره که‌وتووه‌ته به‌ر شاڵاوو هێرشی مه‌غوله‌کان و له‌نێو چووه، جا له به‌ر ئه‌وه‌ی ئه‌م شاره جێگای باو‌و باپیرانی لوڕه‌کان بووه ناوی لوڕ‌و لوڕستانیش له‌وێوه دێت. هه‌ندێ بیر و باوه‌ری تریش هه‌یه که له به‌ر ئه‌وه‌ی له ڕاستیدا نزیک نین و هیچ به‌ڵگه‌یه‌ک بۆ سه‌ڵماندنیان له ئارادا نیه ئاماژه‌یان پێ ناکه‌ین.
* لوڕ کین و ره‌گه‌زیان چییه؟
له چوار چێوه‌یه‌کی گشتی وه‌کو هه‌موو نه‌ته‌وه ئاری و ئێرانییه‌کان بێگومان لوڕه‌کانیش به‌شێکن له ره‌گه‌زه ره‌سه‌نه‌کان که ته‌نانه‌ت به‌رله نووسینی یه‌که‌م لاپه‌ڕه‌کانی مێژووش نێشته‌جیی ئه‌و ناوچانه بوون و به هه‌زاران ساڵه تیایدا ده‌ژین.
دوکتور نیگه‌هبان که یه‌کێکه له پسپۆره دێرین ناسه‌کانی ئێران و به‌ساڵان لێکۆلینه‌وه‌و لێگه‌رینی له ته‌په و گرده‌کانی چغازه‌نبیل، چغامیش و هه‌فت ته‌په کردووه، ده‌ڵێت لوڕه‌کان هه‌مان ئیلامییه‌کانن، که به لانیکه‌م شه‌ش هه‌زار ساڵ مێژوویان هه‌یه له‌م ناوچانه. دیترامانی فرانسه‌وی (فه‌ره‌نسى)و هوتوم شیندلر له سه‌ر ئه‌و باوه‌رِه‌دان لوڕه‌کان هه‌مان "گووتییه‌کان و لولوییه‌کان"ن که له دانیشتوانی دێرین و زۆر کۆنی زنجیره چیای زاگروس بوون.
هه‌ندێکى دیکه له مێژوونووسان و پسپۆرانی مێژووناس ره‌چه‌ڵه‌کی لوڕه‌کان ده‌گه‌ڕیننه‌وه بۆ "کاسییه‌کان" که له گه‌ڵ گه‌ڵانى دیکه یه‌کێتی سێ لایه‌نه‌یان له رۆژئاوای ئێران پێکهێنا له پێناو دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌تی ماد‌و له کۆتایی دا ماده‌کان له ساڵی (612)ی به‌ر له زایین ده‌وڵه‌تی ئاشووریان به ته‌واوه‌تی شکست دا‌و شاری نه‌ینه‌وایان داگیر کرد.
ده‌رباره‌ی ره‌گه‌زی ره‌سه‌نی کاسییه‌کانیش بیرِورِای جیاواز هه‌یه‌و هه‌ندێ پیان وایه کاسییه‌کان "ئارین"و هه‌ندێکى دیکه‌ش ده‌ڵین "ئازیانین"و به‌ر له ئارییه‌کان و ماده‌کان نیشته‌جێی زاگروس بوون.
* زاراوه‌و زمانی لوڕه‌کان
له به‌ر ئه‌وه‌ی زاراوه‌و زمانی لوڕی به شێوه‌یه‌کی زانستیانه ئیشی رێزمان و لێکۆلینه‌وه‌ی له سه‌ر نه‌کراوه‌و تا ئێستاش لوڕه‌کان به تایبه‌تی ئه‌وانه‌ی که نیشته‌جێی ناوچه لوڕ نشینه‌کانی ئێرانن رێزمانێکیان نییه بۆ نووسینی زمانه‌که‌یان، زۆر لایه‌ن وه‌کو فارسه‌کان و تورکه ئازه‌رییه‌کان هه‌وڵیانداوه لوڕه‌کان و شێوه زاری لوڕی وه‌کو به‌ش یان لقێک له نه‌ته‌وه‌و زمانه‌کانی خۆیان له قه‌ڵه‌م بده‌ن، یان بۆ ئه‌وه‌ی جیاوازی بخه‌نه نێوان لوڕ‌و کورد، زاراوه‌ی لوڕییان به زمانێکی جیاواز له زمانی کوردی پێناسه کردووه‌و چه‌ندێن تیوری دوور‌و درێژ‌و به‌ڵگه‌ی ساخته‌شیان بۆ تاشێوه.
ئه‌وه‌ی که شێوه زاری لوڕی به‌شێکی جیایی هه‌ڵنه‌گره له باقی شێوه زاره‌کانی زمانی کوردی له لایه‌ن زۆر که‌سایه‌تی پایه‌به‌رزی زمان‌ناس و لێکوڵه‌رو ده‌یان پسپۆر‌و شاره‌زا له بواری زماندا پشت راست کراوه‌ته‌وه، ئه‌گه‌ر پسپۆرانی زمان‌ناس و نه‌ته‌وه‌ناس ئه‌و ده‌رفه‌ته‌یان ببوایه که لێکۆلینه‌وه‌یه‌کی مه‌یدانی و پراتیکیان کردبا له سه‌ر شێوه زاره‌کانی زمانی کوردی له هه‌ر چوار پارچه‌ی کوردستان به گشتی و ناوچه لوڕ نشینه‌کان به تایبه‌تی سه‌داسه‌د هیچ دوو دڵییه‌کی نه‌ده‌ما له‌وه‌ی که نه‌ک ته‌نها شێوه‌زاری لوڕی، به‌ڵکو داب و نه‌ریت و کولتور‌و زۆرینه‌ی فاکته‌ره کومه‌ڵایه‌تییه‌کانی لوڕ‌و کورد وه‌کو یه‌کن و مێژوویه‌کی هاوبه‌ش و دێرینیان هه‌یه. زۆربه‌ی پسپۆرانی زمان شێوه‌زاره‌کانی زمانی کوردیان به‌م شێوه‌یه پولێن کردوته‌وه.
1- کرمانجی ژووروو
2- کرمانجی ناوه‌ڕاست
3- کرمانجی خواروو
4- گۆرانی
که هه‌ر کام له‌م شێوه زارانه‌ش به گوێره‌ی ئه‌و دیموگرافیاو جوگرافیایه‌ی که به کاری دێنن چه‌ندێن لقی جوراجوریان هه‌یه که ئه‌مه‌ش نه‌ک جیاوازی نییه، به‌ڵکو ده‌وڵه‌مه‌ندی زمان و شێوه زاره‌کانی کوردی پیشان ده‌دات. زاراوه‌ی لوڕی ده‌چێته چوارچێوه‌ی شێوه زاری کرمانجی خواروو که بۆ خۆیشی چه‌ندێن شێوه زاری جوربه‌جوری هه‌یه وه‌کو، زاراوه‌ی فه‌یلی، زاراوه‌ی خۆرماوایی (خوره‌م ئابادی)، له‌کی، به‌ختیاری، بویرئه‌حمه‌دی، مامه‌سه‌نی (مه‌مه‌سه‌نی)، کیوه گیلو، زاراوه‌ی دزپێلی (دزفولی)و ئه‌ندیمشکی، زاراوه‌کانی بوشه‌هری و هورموزیانی، ده‌شتستانی و ته‌نگستانی، به‌ردستانی، شوانکاره‌و ...هتد که زۆرینه‌یان زۆر له یه‌ک نزیکن و به باشی له یه‌کتر تیده‌گه‌ن و هه‌روه‌ها هه‌زاران وشه‌ی هاوبه‌شیان هه‌یه له‌گه‌ڵ شێوه زاره‌کانی دیکه‌ی زمانی کوردی.
* ئایین و ئایینزا له نێو لوڕه‌کان
له دوای ده‌رکه‌وتنی ئیسلام، لوڕه‌کان ئایینی ئیسلامیان وه‌رگرت و ئێستا زۆرینه‌ی پێکهاته‌ی کومه‌ڵگای لوڕى موسڵمانن و له سه‌ر ئایین‌زاکانی شیعه‌و سوننه‌ن. لوڕه‌کان له دوای دامه‌زرانی ده‌سه‌ڵاتی سه‌فه‌وییه‌کان له ئێران هه‌ر وه‌کو نه‌ته‌وه‌کانی دیکه، یان به زه‌بری شمشیر، یان له پێناوی به‌رژه‌وه‌ندی و مانه‌وه ئایینزای شیعه‌یان وه‌رگرت و به‌شێک له لوڕه‌کان، که له ژێر ده‌سه‌ڵاتی عوسمانییه‌کان مابوون له سه‌ر ئایینزای سوننه مانه‌وه، به‌ڵام ئێستا نزیکه‌ی له سه‌ددا نه‌وه‌دی (90%) لوڕه‌کان له سه‌ر ئایینزاى شیعه‌ن. به‌شێکی زۆر که‌می لوڕه‌کان له سه‌ر ئایینه‌کانی دیکه وه‌کو یارسان و به‌هایی و جووله‌که و مه‌سیحییه‌تن.
* ژماره‌ی لوڕه‌کان
به هۆی ئه‌وه‌ی که هه‌تا ئێستا سه‌رژمێرێکی راسته‌قینه‌و زانستیانه‌و مه‌یدانی له‌سه‌ر لوڕ نه‌کراوه‌و هیچ ئورگان یان رێکخراوێکی فه‌رمی ئه‌م ئیشه‌ی نه‌کردووه، بۆیه ئامارێکی راسته‌قینه وباوه‌رِ پێکراو له‌م باره‌یه له ئارادا نییه، به‌ڵام به گوێره‌ی ئه‌و ئامارانه‌ی که ده‌وڵه‌تانی ئێران وعیراق سه‌باره‌ت به دانیشتوانی پارێزگاکانیان ده‌ریان خستووه‌و به له‌به‌رچاوگرتنی رێژه‌ی ئه‌و لوڕانه‌ی که له پارێزگا غه‌یره لوڕه‌کاندا ده‌ژین(مه‌به‌ست ئه‌و پارێزگایانه‌یه که به گوێره‌ی خه‌ریته‌ی فه‌رمی سنووری پارێزگاکان به‌شێکی زۆر له لوڕه‌کان و ناوچه لوڕنشینه‌کانیان له جه‌ماوه‌رو ناوچه‌کانی خۆیاندا دابڕیوه)، ژماره‌ی سه‌رجه‌م لوڕه‌کان له وڵاتی پارچه‌کراوی کوردستان وناوچه‌کانی دیکه ده‌گات به (9000000) "ن‌و ملیون که‌س" که زۆربه‌یان دانیشتوی رۆژهه‌ڵاتی کوردستانن.
* جوگرافیای نیشته‌جێ بوونی لوڕه‌کان
زۆرینه‌ی ئه‌و شوینانه‌ی که لوڕه‌کان تیایدا نیشته‌جێن هه‌ڵکه‌وتوته رۆژهه‌ڵاتی کوردستان و به دوای ئه‌وه ژماره‌یه‌کی زۆریش له لوڕه‌کان دانیشتوی باشووری کوردستان و وڵاتی عیراقن.
له وڵاتی ئێران نزیکه‌ی 6 پارێزگا به ته‌واوه‌تی به جه‌ماوه‌رو جوگرافیای سروشتی و ڕامیارییه‌وه ژینگه‌ی مێژوویی و هاوچه‌رخی لوڕه‌کانه که ئه‌مانه‌ن :
لوڕستان یان خۆرماوا (خوره‌م ئاباد) - چهارمه‌حالَو به‌ختیاری -کوه‌گیلویه‌و بویرئه‌حمه‌د - پارێزگای شیراز که ئێستا به فارس ده‌ناسریت–بوشه‌هر- هورموزیان (هورموزگان).
جگه له‌مه لوڕه‌کان وناوچه لوڕنشینه‌کان به‌شێکی زۆر له پێکهاته‌ی کومه‌ڵایه‌تی وجوگرافیایی ئه‌م پارێزگایانه پێکدێنن واته پارێزگاکانی :
کرماشان –ئیلام - هه‌مه‌دان – مه‌رکه‌زی (ئه‌راک) – ئسفه‌هان - باشووری کرمان -خوزستان.
له باشووری کوردستان و وڵاتی عیراق لوڕه‌کان له‌م پارێزگایانه نیشته‌جێن:
هه‌ولێر (ئه‌ربیل) – که‌رکوک – سلیمانی – دیاله – واست - میسان.
واته له شار‌و شاروچکه‌کان و ده‌شته‌کانی وه‌کو : چه‌مچه‌مالَ، خانه‌قین، دووزخورماتو، جڵه‌ولا، ده‌شتی هه‌ولێر، ده‌شتی کویه، شاره‌زوور، ده‌شتی بیتوین، مه‌نه لی (مه‌نده لی)، جه‌سان، ترساق، هه‌شیمه، زرواتیه، بایرای(به‌دره)، عه‌لی غه‌ربی، عه‌لی شه‌رقی، باغسای، کووت و...هتد.
جیاواز له‌مانه ژماره‌یه‌کی زۆر له لوڕه‌کان له ده‌ره‌وه‌ی جوگرافیا وناوچه‌کانی خۆیان ده‌ژین، بۆ وینه به‌شێکی زۆر له لوڕه‌کانی ئێران له باکووری ئێران له پارێزگاکانی گیلان و مازه‌نده‌ران، له باکووری خۆرهه ڵسان(خوراسان)،قه‌زوین، زه‌نجان وناوچه‌ی سایین قه‌ڵای پارێزگای ئازه‌ربایجانی رۆژئاوا ده‌ژین که زۆرتر له خیڵه‌کانی "چگنی" ، "پاپی" ، "به‌یرانوه‌ند"و "چاردۆڵی (چه‌رداوڵی)ن. به‌شێکی دیکه له لوڕه‌کان که له بنه‌چه‌کدا له خێڵی مامه‌سه‌نی (مه‌مه‌سه‌نی) ناوچه‌ی نوورئابادی شیرازن که‌وتوونه‌ته پارێزگای سیستان وبه‌لووچه‌ستان. له وڵاتی عیراقیش جگه له‌و لوڕانه‌ی که دانیشتوی ناوچه‌کانی باشووری کوردستان و لێواری سنووری عیراق و ئێرانن هه‌تا پارێزگای میسان، ژماره‌یه‌کی زۆر له لوڕه‌کان (که هه‌ندێ له سه‌رچاوه‌کان ژماره‌یان به ملیون ده‌گه‌یه‌نن) دانیشتوی شاره گه‌وره‌کانی عیراق وه‌کو به‌غدان که به "لوڕ یان کوردی فه‌یلی" ناسراون.
گرِوپێکی دیکه‌ش له لوڕه‌کان دانیشتوی وڵاتی تورکیا‌و باکووری کوردستانن که له باشووری کوردستانه‌وه کوچبه‌ر کراون بۆ ئه‌و وڵاته، وه‌کو خێڵی "شێخ بزه‌ینی" که به‌شێکیان له ناوچه‌ی "هایمانا" له پارێزگای ئه‌نقه‌ره ده‌ژین. به گوێره‌ی هه‌ندی سه‌رچاوه‌ی نافه‌رمی ژماره‌یه‌ک له لوڕه‌کان له چوارچێوه‌ی خێڵ وعه‌شیره‌ت که ره‌نگه ژماره‌یان بگات به 50000 که‌س دانیشتوی وڵاتی ئسراییلن و مێژوویێکی تایبه‌ت به خۆیانیان هه‌یه.
* جوگرافیای سروشتی و سه‌رچاوه سروشتییه‌کانی ناوچه لوڕ نشینه‌کان
زۆرینه‌ی جوگرافیای سروشتی ناوچه لوڕ نشینه‌کان به تایبه‌ت له رۆژهه‌ڵاتی کوردستان شاخاوین و له زنجیره شاخ وداخی به‌رزو نزم و زۆر ده‌ربه‌ندو ده‌شت و دۆڵ پێکهاتوون و له نیوه زۆرتری زنجیره چیای زاگروس له خۆ ده‌گرن.
به‌رزایی شاخه‌کان له هه‌ندێ ناوچه وه‌کو چیای "دنا" ده‌گاته 4500 مه‌تر، زۆربه‌ی مه‌ڵبه‌نده‌کان دارستانین و به هۆی بارینی به‌فر وباران به راده‌یه‌کی باش چه‌ندێن چه‌م و رِووباری گه‌وره‌و بچووک له‌م شاخانه‌وه سه‌رچاوه ده‌گرن که له سه‌رچاوه سه‌ره‌کییه‌کانی ئاو له ئێرانن. له باشووری کوردستان وعیراق زۆرینه‌ی ئه‌و ناوچانه‌ی که لوڕه‌کان تیایدا نیشته‌جین گه‌رمیانن وپێکهاتوون له ده‌شتی پان وبه‌رین وشاخ وهه‌ورازی نزم.
به شێوه‌یه‌کی گشتی ئاژه‌ڵداری و کشت وکاڵ پیشه‌ی سه‌ره‌کی خێڵه لوڕه‌کانه‌و به هۆی زۆر هۆکاری ڕامیاری ومێژوویی پیشه‌سازی له‌م ناوچانه په‌ره‌ی نه‌سه‌ندووه.
هه‌م له ئێران و هه‌م له عیراق ناوچه لوڕنشینه‌کان زۆر سه‌رچاوه‌ی فراوانی نه‌وت و گازیان هه‌یه، جگه له سه‌رچاوه نه‌وتییه‌کانی ناوچه لوڕنشینه‌کانی باشووری کوردستان وعیراق وه‌کو گه‌رمیان و ده‌وروبه‌ری خانه‌قین و بانێ میل، له وڵاتی ئێران له سه‌ددا هه‌فتای (70%) نه‌وت وگازی ئه‌و وڵاته له ناوچه لوڕنشینه‌کان به‌رهه‌م دێت واته له پارێزگاکانی کرماشان، ئیلام، کوه‌گیلویه وبویرئه‌حمه‌د، بوشه‌هرو باکوور‌و رۆژهه‌ڵاتی پارێزگای خوزستان که شوێنه‌واری چه‌ند هه‌زار ساڵه‌ی لوڕه‌کانن، جگه له ده‌وڵه‌مه‌ندی ئه‌م ناوچانه له بواری سه‌رچاوه هه‌ره گرینگه‌کانی نه‌وت وگازو ئاو، به ده‌یان کانگای گرینگ و ستراتیژی وه‌کو : زێر، ئاسن، چه‌ندێن چه‌شن به‌ردی به به‌ها، سیلیس(شووشه)، چیمه‌نتو، گه‌چ، به‌ردی خه‌ڵۆز، مسینه (مس)، میکا، گوگرد، ئالومینیوم، ئازبه‌ست، قوم‌و لم، خوێ و...هتد له‌م ناوچانه‌دا هه‌یه.
لوڕه‌کان له سه‌ر لێواری که‌نداوی هورموز نزیکه‌ی شه‌ش سه‌د(600) کیلومه‌تر سنووری ئاوییان له‌گه‌ڵ ده‌ریادا هه‌یه، واته له به‌نده‌ری "ده‌یله‌م" له پارێزگای بوشه‌هره‌وه هه‌تا لێواری ته‌نگه‌ی هورموز له پارێزگای هورموزیان (هورموزگان).
* کورته‌یه‌ک له مێژووی ڕامیاری لوڕه‌کان
ته‌مه‌نی ڕامیاری کومه‌ڵگای لوڕى مێژوویه‌کی دوور‌و دریژی هه‌یه‌و لوڕه‌کان له هه‌موو قوناغه‌کانی مێژووی ڕامیاری-کومه‌ڵایه‌تی ئێران و عیراق و ناوچه‌که هه‌ر له کۆنه‌وه بگره هه‌تا ئێستا رۆڵێکی به‌رچاویان گیڕاوه. هه‌ر له سه‌رده‌می ئیمپراتۆریه‌تی ئیلام و ماده‌کان و ده‌وڵه‌تانی هه‌خامه‌نیشی، ئه‌شکانی، ساسانی، ئه‌فشاری و زه‌ندییه‌کانه‌وه هه‌تا ده‌گاته سه‌فه‌وییه‌کان، عوسمانییه‌کان، قه‌جه‌ره‌کان، په‌هله‌وییه‌کان و عیراق و ئێرانی ئێستا، لوڕ له هاوکێشه ڕامیاری وکومه‌ڵایه‌تییه‌کانی ناوچه‌که‌دا رۆڵی خۆی بینیوه. هه‌ندێ جار خاوه‌ن ده‌سه‌ڵات وده‌وڵه‌تی تایبه‌ت به خۆیان بوونه‌و هه‌ندێ جاریش به یارمه‌تی و هاوبه‌شی و یه‌کێتی له‌گه‌ڵ گه‌لانى دیکه‌ی ئێران به شێوازیکی هاوبه‌ش ده‌سه‌ڵاتیان به‌رێوه‌بردووه‌و ناوچه لوڕنشینه‌کان و ئێرانیان پاراستووه له به‌رانبه‌ر دوژمنی هاوبه‌ش. له سه‌رچاوه مێژووییه‌کاندا زۆر بابه‌ت وئاماژه هه‌یه سه‌باره‌ت به به‌شداری و ده‌سه‌ڵاتداریتی لوڕ به تایبه‌ت له ئێران و کاریگه‌ریان له‌سه‌ر هاوکێشه رامیاری، ئابووری، سه‌ربازی وکومه‌ڵایه‌تیه‌کانی ناوچه‌که‌دا.
لوڕه‌کان چه‌ندێن فه‌رمانڕه‌وایی وده‌وڵه‌تی تایبه‌ت به خۆیانیان بووه که گرینگ‌ترینیان ئه‌مانه‌ن :
1-ده‌وڵه‌تی کاسییه‌کان که دواتر له‌گه‌ڵ گه‌ڵانى دیکه‌ی ناوچه‌که ئیمپراتوریه‌تی ئیلام و مادیان دامه‌زراند.
2-ده‌وڵه‌تی ساسانییه‌کان که لوڕ به‌شێکی زۆر له‌م ده‌سه‌ڵاته به ده‌ستیه‌وه بوو.
3-ده‌وڵه‌تی هه‌زار ئه‌سپ که فه‌رمانڕِه‌واییه‌کی سه‌ربه‌خۆو خاوه‌ن ده‌ستوور و ده‌سه‌ڵاتێکی دادپه‌روه‌ر و بێ وێنه بووه له ناوچه‌که‌دا.
4-فه‌رمانڕه‌وایی دێنه‌وه‌رو شاره‌زوور که به "حه‌سنه‌وییه" به‌ناوبانگ بوون.
5-فه‌رمانڕِه‌وایی فه‌زلووییه‌کان که به "لوڕی گه‌وره" ناسراون.
6-فه‌رمانڕه‌وایی ئه‌تابه‌کانی لوڕی بچووک که وه‌کو ده‌وڵه‌ت ده‌سه‌ڵاتدارێتیان کردووه.
7-ده‌وڵه‌تی ئه‌فشارییه‌کان به سه‌رکردایه‌تی نادرشای ئه‌فشار.
8-ده‌وڵه‌تی زه‌ند (زه‌ندییه‌کان) به رێبه‌رایه‌تی که‌ریم خانی زه‌ند که له خێڵی زه‌ندی ناوچه‌ی مله ئایر (مه‌لایر- مله ئاگر)ی لوڕستان بووه.
9-فه‌رمانڕه‌وایی والییه فه‌یلییه‌کانی "پشتکۆ"و "پێشکۆ" که زۆرتر له سیسه‌د ساڵ ده‌سه‌ڵاتدارێتیان کردووه.
10-چه‌ندێن فه‌رمانڕِه‌وایی دیکه وه‌کو : فه‌رمانڕِه‌وایی زه‌نگی، فه‌رمانڕه‌وایی ئه‌رتقی، فه‌رمانڕه‌وایی شائه‌رمه‌ن و...هتد، که به هه‌زاران ساڵ یه‌ک له دوای یه‌ک ده‌سه‌ڵاتدارێتیان کردووه.
له ساڵی 1928 ز دوایین ده‌سه‌ڵاتدارێتی ناوچه‌یی لوڕه‌کان به فه‌رمانڕه‌وایی "غولام ره‌زاخانی ئه‌بووقه‌داره" که له پشتکۆ (پارێزگای ئیلامی ئێستا) ببوو، له لایه‌ن ره‌زاشای په‌هله‌وییه‌وه به بێ شه‌ڕو پێکدادان له نێو چوو و به رۆیشتنی غولام رِه‌زاخان بۆ عیراق، ده‌سه‌ڵاتدارێتی خۆجێی لوڕه‌کان کۆتایی پێهات.
لوڕه‌کان له مێژووی ڕامیاری وتێکوشانی ئازادیخوازانه‌یان به‌رانبه‌ر به داگیرکه‌رانی ده‌ره‌وه‌و ناوه‌وه له سه‌ره‌تای سه‌ده‌ی بیسته‌مه وه‌و به دامه‌زرانی ده‌سه‌ڵاته داگیرکه‌ره ناوه‌ندییه‌کاندا هه‌تا ئێستا خاوه‌ن چه‌ندێن شۆڕش و بزوتنه‌وه‌ی به نرخ وکه‌سایه‌تی گه‌وره‌و به‌ناوبانگن، جگه له‌و که‌سایه‌تییانه‌ی که رۆڵی پاشایه‌تیان گیڕاوه له مێژووی کۆنی ئه‌م به‌شه له نه‌ته‌وه‌ی کورد، بۆ وێنه :هورموز (سه‌رکرده‌ی سوپای ئێرانییه‌کان له کاتی ساسانییه‌کان و شه‌رِ له‌گه‌ڵ عه‌ره‌به‌کان)، که‌ریم خانی زه‌ندو ...هتد له سه‌ده‌ی رابردوش زۆر که‌سایه‌تی به‌نێوبانگ وخوڵقێنه‌ری مێژووی خه‌باتی ئازادیخوازیان بووه که له چاره‌نووسی هاوکێشه‌کانی ڕامیاری نێوخۆی ئێران و عیراق کاریگه‌ر بوونه‌و رۆڵی یه‌ک لاکه‌ره‌وه‌یان بینیوه، بۆ وینه ده‌کری له: بزوتنه‌وه‌ی گه‌وره‌ی سه‌ردار ئه‌سعه‌دی به‌ختیاری له کاتی مه‌شرِوته‌خوازی له ئێران - سه‌رهه‌ڵدانی دلێرانی ته‌نگستان به سه‌رکردایه‌تی رِه‌ییس عه‌لی دلواری له دژی بریتانییه‌کان و پرتوغالییه‌کان- شۆڕِش وبه‌رخۆدانی قه‌یه‌م خه‌یر (قه‌ده‌م خه‌یر)و براکانی دژ به سوپای رِه‌زاخان وبریتانییه‌کان - بزوتنه‌وه‌ی بی بی م‌ریه‌می به‌ختیاری دژ به ده‌سه‌ڵاتی ناوه‌ندی له سه‌رده‌می په‌هله‌وى – شۆڕِشی که‌ی لوڕاسبی باتوولی بویرئه‌حمه‌دی دژبه ده‌سه‌ڵاتی ناوه‌ندی ئێران– بزوتنه‌وه‌ی مه‌لاغولام حسێنی سیاه‌پووری بویرئه‌حمه‌دی دژ به ده‌سه‌ڵاتی ناوه‌ندی ئێران و ته‌نانه‌ت بزوتنه‌وه‌ی ئسماعیل خانی سه‌وله‌ت ئه‌ڵدوڵه‌ی قه‌شقایی که به یارمه‌تی و پشتگری خێڵه لوڕه‌کان دژبه ده‌سه‌ڵاتی ناوه‌ندی ئێران پێکهات و که‌سانێک وه‌کو ته‌وفیق وه‌هبی به‌گ له سه‌رده‌می شیخ مه‌حموودی حه‌فید و ره‌فیق حلمی سه‌رکرده‌ی حزبی هیوای کوردستان له باشووری کوردستان وعیراق نێو ببردرێت. زۆر که‌سایه‌تی و جوڵانه‌وه‌ی دیکه‌ش له نێو لوڕه‌کاندا هه‌یه که له‌م کورته‌یه ده‌رفه‌تی ئاماژه پێدانیان نابێت.
* ئه‌رکی نه‌ته‌وه‌یی هه‌موو لایه‌نه‌کان
هه‌ر وه‌کو پێکهاته‌کانی دیکه‌ی نه‌ته‌وه‌ی کورد به دوای پێناسه کرانی چه‌مکی نه‌ته‌وه‌یی له ولاتانی ئێران و عیراق و تورکیا وسوریا وهه‌موو ناوچه‌که‌دا، لوڕه‌کانیش که‌وتنه به‌ر شاڵاوی شوڤینیزم و له لایه‌ن نه‌ته‌وه‌کانی سه‌رده‌سته‌وه تووشی قه‌یرانی شوناس وده‌سه‌ڵات وڕامیاری سیستماتی ببوون. ڕامیاری چه‌واشه ومه‌به‌ستداری ناوه‌نده‌کانی ده‌سه‌ڵات له لایه‌که‌وه‌و که‌مته‌رخه‌می و سه‌رلێشێواوی و نائازایه‌تی نوخبه‌و رِوناکبیره لوڕ‌و کورده‌کانیش له لایه‌کی دیکه‌وه بووه هۆی ئه‌وه‌ی که ئه‌م پێکهاته گه‌وره‌یه‌ی نه‌ته‌وه‌ی کورد له هه‌موو بوارێک‌دا تووشی قه‌یرانی شوناس و هه‌بوون ببێت. لوڕه‌کان به تایبه‌تی ئه‌وانه‌ی رۆژهه‌ڵاتی کوردستان به هۆی گه‌لێک هۆکاری مێژوویی، ڕامیاری، ئابووری، بازرگانی، جوگرافیایی ، ئایینزایی و...هتد، هه‌م له باقی پێکهاته‌کانی دیکه‌ی نه‌ته‌وه‌ی کورد دابڕاون وهه‌م نه‌یانتوانیوه وه‌کو پێویست و به قه‌دو قه‌باره‌ی خۆیان به‌شداری پروسه‌ی خه‌باتی رِزگاریخوازی نه‌ته‌وه‌که‌یان ببنه‌وه‌و زۆرتر هه‌ر وه‌کو له عیراق وئێران ده‌بینین له ژێر کارێگه‌ری هێزه ڕامیاری وکومه‌ڵایه‌تی و کولتورییه‌کانی ده‌سه‌ڵاته ناوه‌ندییه‌کانی ئه‌م دوو وڵاته ماونه‌ته‌وه.
لوڕه‌کان زیاتر له یه‌ک سه‌ده‌یه که به بێ هیچ رێکخراوه، ئورگان یان ده‌زگایه‌کی به‌هێزی په‌رِوه‌رده‌یی ، کولتوری، رِوناکبیری و ڕامیاری تایبه‌ت به خۆیان که‌وتوونه‌ته به‌ر په‌لامار و هێرشی زمان و کولتوری داموده‌زگا رِوخینه‌ره بیانییه‌کان و به بێ هیچ ئامرازێکی پاراستنی شوناسه‌که‌یان تووشی پروسه‌یه‌کی گه‌وره ومه‌ترسیداری مێژوویی تواندنه‌وه‌ی سیستماتی بوونه‌ته‌وه‌و رۆژ به‌دوای رۆژ قه‌یرانی شوناس له نێویان قوڵتر ده‌بیته‌وه.
له هه‌لومه‌رجێکی وه‌هادا ئه‌رکی هه‌موو که‌سایه‌تیه رِوناکبیره لوڕ وکورده‌کان و هێزو رِاگه‌یاندن و ئورگان و رێکخراوه نه‌ته‌وه‌ییه‌کانی پێکهاته‌کانی نه‌ته‌وه‌ی کورده که له هه‌موو بواره‌کاندا به‌هایه‌کی زۆرتر و ته‌نانه‌ت "تایبه‌ت" بده‌ن له پێناو ژیانه‌وه‌و بوژاندنه‌وه‌ی داب ونه‌ریت و کولتور وشوناسی راسته‌قینه‌ی ئه‌م به‌شه له نه‌ته‌وه‌که‌مان، بۆیه چی لوڕه‌کان به تایبه‌ت ئه‌وانه‌ی رۆژهه‌ڵاتی کوردستان له دوارۆژدا ئه‌نتێگره‌ی نه‌ته‌وه‌که‌یان ببن یان نه‌بن، گرینگ ئه‌وه‌یه که داب و نه‌ریت و زمان وکولتورو شوناسی لوڕ وه‌کو به‌شێک له ده‌وڵه‌مه‌ندی شوناسی نه‌ته‌وه‌که‌مان ودانیشتوانی زاگروس له‌نێو نه‌چێت و پاکتاو نه‌بێت.بۆئه‌م مه‌به‌سته‌ش گرینگی دان و پێشخستنی موسیقاو هونه‌رو زاراوه‌و کولتوری لوڕی به تایبه‌ت له رێگای رِاگه‌یاندنه‌کانه‌وه‌و دامه‌زراندنی دام‌و ده‌زگای فه‌رمی تایبه‌ت به لوڕ به‌ردی بناغه‌ی لکاندن وگه‌ڕِاندنه‌وه‌ی لوڕ به باوه‌شی نه‌ته‌وه‌که‌یه‌تی.