کوردێ لوڕیم

مرکزی برای احیای هویت راستین

کوردێ لوڕیم

مرکزی برای احیای هویت راستین

کچێک خوساوی بارانی وەحشەت،مامۆستایەک بۆ گشت نەوەکان

ئەرێ‌.. دەمەوێ‌ باسی خۆم بکەم، لە خودی خۆم کە نازانم لە کوێوە دەستم پێکرد؟ تا کوێ‌ دەچم؟.. و تا کوێ‌ دەمێنمەوە و لە کوێ‌ تەواو دەبم؟!

ئەرێ‌...خۆم لە کاتێکەوە ناسی کە منداڵ بووم حەزم دەکرد کە گەورە بووم  ببم  بە مامۆستا، مامۆستای ئەدەبیات، ئەرێ‌ ئاواتێک کە لە مێشکمدا نێژرا و یان باشتر ئەوەیە بڵێم ناشتیان..!

ئەرێ‌ ئەو کات ئەوینداری مامۆستا بوون بووم هەڵبەت خوێندنەکەشم هەر بەکاری خۆم دەهات.چۆن راستییەکەی نەمدەخوێند یان زۆر کەم دەمخوێند و هەر ئەوەی لە دەرسێک نومرەی دەم دەگرت یان ئاخری ساڵ دەردەچووم زۆر خۆشحاڵ دەبووم. کچێکی شلووغ نەبووم بەڵام تا بڵێی شەیتان بووم.پۆلی یەکەمی ناوەندی بووم و کەمێک گەورە ببووم. هەندێ‌ جار بیرم دەرکردەوەو لە خەیاڵمدا و خۆم وەک خانمێکی مامۆستا دەدی کە لە نێو پۆلدا دەرسم بە منداڵەکان دەگوتەوە و پێەکەوە پێدەکەنین.

رۆژێکیان کە لە قوتابخانەوە گەڕامەوە دیتم میوانێکی زۆرمان هەیە و ماڵەوەمان زۆر شلووغە. لە خوشکمم پرسی چ خەبەرە؟ ئەمانە کێن لە ماڵی ئێمە؟

گوتی: خوازبێنیت بۆ هاتووە...!

من کە بە هیچ شێوەیەک لە مانای وشەی خوازبێنی تێنەدەگەیشتم بێ‌ ئەوەی گرینگیی پێ‌بدەم جانتای کتێبەکانم لە گۆشەیەکی حەوشە دانا و بە هەڵاتن چوومە دەرێ‌ و لەگەڵ هاوڕێیەکانم کە لە کۆڵان کۆببوونەوە دەستم کرد بە یاری کردن.

هەمان رۆژ گەورەترەکان لە نێو خۆیاندا قەرار و بەڵێنەکانیان دانابوو، و هەموو شتێکیان بڕیبۆوە. کەچی من لە نێو دنیای منداڵیی خۆمدا بێ‌ خەبەر لەو چارەنووسە دژوێنە بووم کە چاوەڕوانیی دەکردم. ئەو شەوە هەموو شتێک بڕابۆوە و داهاتووو ژیان و ئاواتەکانی من وێران...!

نزیک بە سێ‌ ساڵ تێپەڕی و من تازە ساڵی سێی ناوەندیم تەواو کردبوو کە رۆژێک دووبارە ئەم کەسانە هاتنەوە بۆ ماڵی ئێمە.. خۆزگە قەڵەمی پێیان دەشکا و نەدەهاتن...!

ئەودەم کاتێک کە دوو بنەماڵە دەیانەویست تێکەڵ بن کە دەیاندیت بەرامبەرەکەیان ناو وناوبانگی هەیە بابەتەکانی دیکە دەچوونە پەڕاوێزەوە و کەمڕەنگ دەبوون و ماف و ئەمجۆرە شتانەش کە هەر لە گۆڕێدا نەبوون. دوای هاتنی بنەماڵەی داواکارەکەم و هەندێک قسە و باسی گشتی خوشکم و براژنم هاتنە ئاشپەزخانە و پێیان گوتم کاتی شووکردنتە و دەبێ‌ مێرد بکەی.

لە سەرەتاوە لە قسەکانیان تێنەدەگەیشتم و نەمدەزانی بەراستی چی دەڵێن! ماڵی بەخت؟! مێرد؟! شوو کردن؟!و...

کۆمەڵێک وشە و بابەتی وا کە بە درێژایی تەمەنم بیریشم لە چی بوونیان نەکردبۆوە و زۆر بۆم نامۆ بوون.

بۆ سبەینێیەکەی دایکم و خوشکم هەندێکیان بۆ باس کردم و هەرکامەی بە لۆژیکی  ناتەواوی خۆیان بڕێکیان شتی لەت و پەت خستە نێو مێشکمەوە، کەچی لە راستیدا خۆم هیچم لێ‌ نەدەزانی و زانیارییەکی ئەوتۆشم لە بارەیەوە نەبوو. پاشان هەندێکم بیر لە کچەکانی گەڕەکەکەی خۆمان کە شوویان کردبوو کردەوە و دیتم ئەوەی شووی کردوە دەرس و خوێندن و قوتابخانەی بەگشتی وەلا ناوە..

لە ناکاو هەستم بەوە کرد کە تەواوی ئاواتەکانم کەوتوونەتە مەترسییەوە، هەموو خەونەکانم و لە هەموویان گرینگتر "مامۆستا بوونم لە داهاتوودا". گیانم لەرزی، بوغزێکی سەیر گەروومی دەگوشی و هەموو جەستەم لە پڕدا وێران بوو. هەستام چوومە ژوورەکەی دیکە و دەستم کرد بە گریان.. نەمدەزانی دەبێ‌ چی بکەم، مێشک و بیرم لەکار کەوتبوون.

سەرەڕای پێداگرییەکانی دایکم و خوشکم و دڵنەواییەکانیان بەوەی کە (چارەنووس وایە!) و هەڕەشەکانی باوکم و براکانم دیسانیش دژایەتیم دەکرد و هەوڵم دەدا واتای "نا" یان پێ‌ حاڵی بکەم. تەنانەت تا یەک هەفتەش مانم لە خواردن گرت و خۆم لە نێو ژوورێکدا زیندانی کرد و تەواوی کارم ببوو بە شیوەن و گریان.

هەر رۆژێک کە تێدەپەڕی نەفرەت و بێزاریم لەو بابەتە زیاتر دەبوو و تێگەیشتنێکی پترم لە بەدبەختییەک کە چاوەڕوانیی دەکردم پەیدا دەکرد. بەردەوام بە خۆم دەگوتەوە کە دەمەوێ‌ بخوێنم و ببمە مامۆستا، دەمەوێ‌ کاتێک کە بوومە مامۆستا جا شوو بکەم، دەمەوێ‌...، دەترسام، نەمدەزانی چۆنیان تێگەیەنم؟!

لە ماوەی ئەم یەک هەفتەیەدا بە بەردەوامی دەهاتن بۆلام و بەجێی گوێ‌ دان بە قسە و گریانەکانی من، دەیانگوت! بنەماڵە بەو باشییە؟! کوڕێکی ئاوا باش و جوان؟! دەوڵەمەند و بەناوبانگ...؟! ئیتر چیت دەوێ‌ کچێ‌؟! دەتەوێ‌ پشت لە بەختی خۆت بکەی؟! تا ئێمە زیندوو بین ناهێڵین! لە هەر کەسیشمان پرسیوە دەڵێن بنەماڵەیەکی زۆر باشن و کوڕەکەش نموونەی مرۆڤێکی هەموو شت تەواوە، مەحاڵە لە دەستی بدەین!

پاش هەفتەیەک شیوەن و گریانی من و گرینگی نەدانی بنەماڵەکەم و دوای ئەوەی هەندێکیشیان لێدام و قسەشیان پێ‌ گوتم، بە هەزار بەدبەختی و بەچاوی پڕ لە فرمێسکەوە لەسەر سفرەی مارەیی دایان نیشاندم. پێم خۆش بوو ئەو کاتە بمرم، لە فکری راکردن دا بووم بەڵام بۆ کوێ‌؟ چۆن و بۆلای کێ‌؟ من کە هیچ کەسم نەدەناسی و هیچ کوێیەکیشم پێ‌ نەدەزانی. ئینجا لەلایەکیشەوە نیگەرانی ئابڕووی بنەماڵەکەشم بووم و لەوە دەترسام خەڵک شتێک بڵێن و لاتاوێکیان پێدادەن.

لە هەموو ناخۆشتر ئەوە بوو لە تەنیشتی کەسێکەوە دایاننابووم کە نە دەمناسی و نە خۆشیشم دەویست. تەنانەت لە مانای خۆشەویستی و ئەوینیش نەدەگەیشتم. هیچ چەشنە تێگەیشتن و زانیارییەکیشم لەم بارەیەوە نەبوو. تەنانەت پێم خۆش نەبوو سەیریشی کەم و بە گشتی سەرم داخستبوو وەک کەسێک کە بە تەواوی خۆی بەدەستەوە دابێ‌ و گیرابێ‌.

ئەو  هەستە بە خەستی بە سەر هەموو وجوودم دا قورسایی دەکرد. "فرۆشتوویانم" و بەردەوام دەمگوت ئەوە رێوڕەسمی فرۆشتنی منە. من وەک ئاژەڵ و کۆیلە وام. راستییەکەی لە مەدرەسە و لە نێو هاوڕێیەکانمدا جارو بار باسی خۆشەویستی و ئەوین دەکرا کەچی من قەت گوێم نەدەدایە و هەمیشە فکری مامۆستا بوون بیرمی داگیر کردبوو.

زیاتر بیرم لە شەیتانی و رابواردن لەگەڵ هاوڕێکانمدا دەکردەوە. هەمووی یاری و گەمە و نووقم لە منداڵبوونی خۆمدا بووم. ئەوین و خۆشەویستی کە هیچ، تەنانەت نەمدەزانی سێکس یانی چی و تا شەوی بووکێنییم بە گشتی لێی بێ‌ ئاگا بووم. تەنانەت کاتێک کە پێشتر خوشکم و براژنم دەیانویست لەم بارەوە قسەم لەگەڵ بکەن تووڕە دەبووم و گوێم نەدەدانێ‌. بڵێم چی؟!

شەوی بووکێنیم سامناکترین شەوی ژیانم بوو و هەرگیز دڵەراوکێی ئەو شەوە لە مێشکم پاک نابێتەوە. جۆرێک هەستی نەفرەت و بێزاری، ترسێکی زۆر، دڵەراوکێ‌ و وەڕەزییەکی زۆرم هەبوو و خەریک بوو شێت بم. تەواوی گیانم دەلەزری و هەستم دەکرد بە کۆتایی دنیا و بە دۆزەخ گەیشتووم و رێی دەربازبوونیشم نیە. ئەو کات زانیاریی مرۆڤەکان لە خۆشەویستی و ئەوین و سێکس و ئەم شتانە وەک ئێستا نەبوو کە منداڵی 7_8 ساڵەش تا رادەیەک شتێکی هەر لێ‌ دەزانن. من هیچ زانیاری و وێنا و ئەزموونێکم لەم بابەتانە نەبوو و لە هەلومەرجێکدا کەوتبووم کە پێم وابوو لە دنیایەک لە ترس و وەحشەت دام.

مێردەکەشم بە لەبەرچاوگرتنی ئەو 13 ساڵە جیاوازییە تەمەنەی هەمانبوو، زۆر سەیر و سەمەرە دیار بوو. من نزیکەی 15 ساڵم بوو کەچی ئەو هەرچۆنێک بێ‌ لە تەمەنێک دابوو کە ئاشنایی پێویستی لەگەڵ ئەم بابەتانە هەبوو و لەوانەیە ئەزموونیشی بووبێ‌.

لەوانەیە بنەماڵەکەشی بەردەوام بە گوێیاندا خوێندبێ‌ کە دەبێ‌ هەر لە شەوی  یەکەمەوە گورزی خۆت بوەشێنی و ژنەکەت گوێ‌ رایەڵی خۆت بکەی بە جۆرێک کە هەرگیز نەوێرێ‌ لە بەرامبەرتدا راوەستێ‌ و بەبێ‌ ئیزنی تۆ بجوڵێتەوە و... چون هەمووشتێکی بە دڕندەیی و هەڕەشە و زۆرەملییەوە دەست پێ‌ کرد.

دواتر زانیم کە سەرخوشیش بووە چون ئەو شەوە بۆنە ئاڵکۆڵێکی زۆری لێ‌ دەهات و گیانیشی بۆنێکی پیسی گرتبوو.

ئەو شەوە هەموو شتێک بۆ من تەواو ببوو. ئەسیری مێرد، خێزان، ژیان و چارەنووسێکی دژوێن ببووم و لە هەموو شتێک ناخۆشتر ئەوە بوو کە نەمدەتوانی کارێکیش بکەم. بیری لێ‌ بکەوە کە من ئیتر هی خۆم نەبووم چون فرۆشرابووم بە کۆمەڵێک داب و نەریت و فەرهەنگ و بەرژەوەندی و ئەم شتە قۆرانە.

هەمووی بیرم لەوە دەکردەوە ئەم شەوە کەی تەواو دەبێ‌، هەرچەند کە ئیتر سبەینێش بۆم بێ‌ واتا و بێ‌ بایەخ بوو.

هەر کە لێم نزیک دەبۆوە وەحشەت دایدەگرتم بەڵام نەمدەوێرا تەنانەت هاوارێکیش بکەم. دەتگوت لە نێو ئەشکەوتێکی تاریک و سامناک لە داوی دێوەزمەیەکدا کەوتبووم و دەنگیشم بە هیچ کوێ‌ نەدەگەیشت. لەلایەکیشەوە رێوڕەسمەکە لە ماڵێ‌ بەڕێوەچوو و خزم و خەڵکانێکی زۆریش لەلایەن هەردوو بنەماڵەوە بانگهێشت کرابوون.

ئەو کاتێک کە دەیدیت من دەترسم پێی وابوو دەمەوێ‌ بیشکێنمەوە و سووکایەتیی پێ‌ بکەم هەربۆیەش پتر وەحشەتناک ببوو بۆم. نەیدەزانی کە من تێگەیشتنێکم لەم بابەتە نییە و هیچ شتێکی لێ‌ نازانم. هەر لە نیگاهمدا نەفرەت و بێزاریی منی بە نیسبەت خۆیەوە دەدی و دەیزانی هیچ مەیل و خۆشەویستییەکم بۆی نیە، هەربۆیەش دەتگوت دەیەوێ‌ تۆڵەم لێ‌ بستێنێتەوە!

لەگەڵا ئەوەشدا، ئاخریی شەو هەندێک لە بنەماڵەی هەردوولا لە پشت درگاوە وەستابوون.

لە پشت درگای ئەو ژوورەوە کە قەرار بوو بەلای ناخێر دوو کەس تێیدا...!

سبەینێیەکەی یەکەم رۆژی چارەرەشی و کۆێلەیی من دەستی پێ‌کرد و تەوقی یەخسیریان خستە ملمەوە. شەوی بووکێنیشم وەحشەتێکی وەها کەوتە دڵمەوە کە ئیتر من لە هەموو شتێک و هەموو کەس دەترسام لە مێردەکەم زیاتر لە هەمووان، تەنانەت کاتێک کە سێبەرەکەشیم دەدیت گیانم دەلەرزی. هەمیشە دوعام دەکرد نەیەتەوە ماڵێ‌! ژیانی هاوبەشم لە ماڵی باوکی دەستی پێکرد کە بنەماڵەی باوکی و چەند کوڕ و کچ و بووکەکانیشیان لەوێ‌ بوون و منی تازەمیوان نەمدەوێرا هەناسەش هەڵکێشم، چون لەگەڵ بچووکترین قسەیەکم کە بە دڵیان نەبوایە لە ژێر رەهێڵەی لاتاو و قسەی ناشیرین و جنێو و سووکایەتیان دەگرتم.

رۆژ بە رۆژ لە خۆم و ئەو کەسانەی دەروووبەرم بێزارتر دەبووم چونکە ژیان لەگەڵ باوکێکی سەرکوتکەر و هێوەرێکی زۆر و خەسوویەکی تێنەگەیشتوو  و هەندێ‌ دشی دەرفەت خواز و ئەو هێوەرژنە خۆبا و دەسماڵ کێشانە بەلامەوە زۆر ناخۆش بوو. لە راستیدا لە منداڵیم و ئەو هەموو ئاوات و ئارەزوویانە دابڕابووم و کەوتبوومە نێو زەلکاوەوە. هێشتاش کاتێک بیر لەو دەمە دەکەمەوە تەواوی گیانم دەلەرزێ‌ و دەترسم. چەند ساڵان هەر خۆم فریودا و بەردەوام بە خۆمم دەگوت سەرەنجام هەر تەواو دەبێ‌ و لانی کەم لە دەست ئەو کەسانە نەجاتت دەبێ‌ و لەم حاڵەتە دێیە دەرێ‌ کەچی هەرچی زیاتر تێدەپەڕی رەوشەکە ناخۆشتر دەبوو چونکە زیاتر لە بارودۆخی نێو خێزانی بنەماڵەی مێردەکەم تێدەگەیشتم.

بێ‌ هیواییم بە ئاستێک گەیشت کە بیرم لەوە کردەوە دەبێ‌ رێیەک بۆ راهاتن بەم بارودۆخە بدۆزمەوە و بە خۆشمی بسەلمێنم کە شەریکی ژیانم کەسێک نیە جیا لەو کەسەی لەگەڵی دەژیم و بەرە بەرە ئەو هەستەش لە خۆمدا دروست بکەم کە سەرەڕای ئەم خێزانە و هەڵسووکەوتی خراپی مێردەکەم ناچارم خۆشیشم بوێ‌. هەڵبەت بە درێژایی ژیانی هاوبەشمان هەرگیز نەمتوانی وشەی "خۆشم دەوێی" بێنمە سەر زمانم و پێی بڵێم.

مێردەکەم یک دوو ساڵی یەکەم هەندێک رەفتاری گوماناویی هەبوو بەڵام زۆر لە چاوی نەدەدا و منیش بە هێندم نەدەگرت. ئینجا چون بە داخەوە زانیارییەکی ئەوتۆشم نەبوو هەمان ساڵی یەکەم دووگیان بووم و بەرپرسایەتیی ژیانێکی دیکەشم کەوتە ئەستۆوە.

رۆژێکیان کە دەمەویست بەرگ و لیباسەکانی هەڵوەژێرم لە گیرفانیدا شتێکم دۆزییەوە کە هەستم کرد شتێکی خراپە. هەڵبەت ئەودەم نەمدەزانی ئەوەی دۆزیومەتەوە تریاکەو هۆکاری وێرانبوونی ژیانمە. بردم پێشانی دایکیم دا بۆوەی رەنگە ئەو بزانێ‌ و پێم بڵێ‌. کەچی کاتێک دیتی گوتی هیچ نییە ئەوەی بۆ من کڕیوە، دەرمانی دیابێتی منە! ئەو دەیزانی کەچی وەرووی خۆی نەهێنا و نەشیدەویست من بزانم. بەڵام کاتێک مێردەکەم زانیی کە لە گیرفانی دا تریاکم دۆزیوەتەوە کۆڵێک هەراو هوریای کرد و هەرچی لە دەمی هاتەدەر پێی گوتم. منیش نەمدەوێرا هیچ بڵێم دەتگوت گوناهێکی گەورەم کردوە.

دواتر کاتێک لە کەسانی دیکەم پرسی و زانیم ئەو شتەی دۆزیومەتەوە تریاکە چیدیکە نەمتوانی خۆم راگرم و ئەوە سەرەتای کێشە و درزێکی گەورە لە ژیانی هاوبەشیماندا بوو. پاشان زانیم کە مێردەکەم بەر لە ئیزدواج تووشی ئێعتیاد بووە و بنەماڵەکەی بەلای خۆیانەوە پێیان وابووە ئەگەر ژن بێنێ‌ باش دەبێ‌ و منیش بێ‌ ئەوەی بزانم ئەسیر و قوربانیی ژیان لەگەڵی ببووم. من کە لە بنەماڵەیەکدا گەورە ببووم کە تەنانەت جگەرەشی تێدا نەدەکێشرا، بێ‌ ئەوەی بزانم کەوتبوومە داوی خێزانێکەوە کە شوێنی ژیانیان لە زەلکاوێکی تەواو دەچوو.

مێردەکەشم لەو کاتەوەی بۆی دەرکەوت پێم زانیوە ئیتر هیچ ترسێکی نەما و راشکاوانە لەلای من دەیکێشاو رێزێکی بۆ دانەدەنام و لەگەڵ بچووکترین قسەیەکیشم دەستی دەکرد بە شکاندنی کەرەستەی ماڵی و هەرواهەنگەمە و بێ‌ ئابروویەتی. لەوە خراپتر ئەوە بوو کە پێی هاوڕێیەکانیشی بۆ ماڵێ‌ کرایەوە و ئیتر تەنانەت لە ماڵەوەشدا نەمدەتوانی بە ئیشتیا بحەسێمەوە. تا بەیانی بەدیار تریاک کێشانەوە دادەنیشتن و منیش لە ترسان بە هیچ شێوەیەک نەدەخەوتم چون نە بە مێردەکەم و نە بە هیچ کام لە هاوڕێیەکانی متمانەم نەبوو و بەردەوام چاوەڕێی رووداو و کارەساتێک بووم. بێچارە ئەو منداڵەی لە زگمدا بوو.

کچەکەم کە هاتە دنیا و هەندێ‌ گەورە بوو لەوە دەترسام کە نەکا هاوڕێ‌ بەدکارەکانی باوکی ئەزیەتی بکەن و هەر جارناجارێک بە بیانوویەکەوە دەتۆرام و دەچوومەوە ماڵی باوکم. ئەو ماڵەی فرۆشتبوویانم بەڵام چی بکەم شوێنێکی دیکەم نەبوو و کە لەوێش بووم شەوانە تا بەیانی لەگەڵ دایکم دەگریاین، زیاتر ئەو کاتانەی کە مێردەکەم نەیدەهێشت منداڵەکەم لەگەڵ خۆم ببەم. کاتێکیش کە دەچوومەوە هەمان ئاش و هەمان کاسە و فایدەی نەبوو.

مێردەکەم بە رادەیەک لە نێو ئێعتیاد دا نوقم ببوو کە ئیتر رێی دەرباز بوونی نەبوو. چەند جارێکیش کە بە پاڕانەوە و لاڵانەوەیەکی زۆر وادارم دەکرد وەلای بنێ‌ تا چاوی منی دوور دەدیت دووبارە تێوەدەگلایەوە. هێشتاش دەنگی شکاندنی کەرەستەکانی نێوماڵ، تەلەڤزیۆن، سەماوەر و... لە گوێمدا دەزرینگێتەوە. خۆم و کچەکەم بە تەواوی باری دەروونیمان تێکچووبوو و لە ماوەی ئەو 6_7 ساڵەدا تەواو تێکەڵمان کردبوو. تەنیا کەسێک کە هەمبووم بۆوەی بتوانم لای بگریم و دەردەدڵی لەگەڵ بکەم دایکم بوو. تەنیا ئەو هەندێک پشتیوانی لێ‌ دەکردم دەنا باوکم و براکانم وەک ئەوە وابوو هەر نەشبن.

دایکشم هێندەی خەفەتی من و ژیانمی خوارد کە ئاخرییەکەی نەخۆش کەوت و پاش یەک دوو ساڵ دەواو دەرمان و هاتوچۆیەکی زۆری نەخۆشخانە و نەشتەرگەریی  و شیمی دەرمانی و... سەرەنجام مرد. کچەکەشم تووشی خەمۆکیی قورس هات و لای هەر دوکتورێکمان دەبرد فایدەی نەبوو. دیتم خۆم و ژیانم کە هیچ، کچەکەشم خەریکە لە دەست دەچێ‌.ئیتر نەمتوانی خۆم راگرم و رۆژێکیان کە مێردەکەم لە ماڵێ‌ بوو لە بەرەمیدا دانیشتم و گریام و لەبەری پاڕامەوە کە تەواوی بکا، پێم گوت لەبەر من نا بەڵام بە چارەنووسی کچەکەت یاری مەکە و مەیفەوتێنە. من هێچم لێت ناوێ‌ تەنیا لەم شتە و ئەو هاوڕێیانەت دوور بگرە. زۆری لەبەر پاڕامەوە. گوتم وەرە لە سەرەتاوە دەست پێ‌ بکەوە تەنانەت ئەگەر هەموو ماڵەکەش بفرۆشی گرینگ نییە تەنیا خۆت بگۆڕە و چاک بەوە. وەرە پیاوەتیت نیشان دە و بڵێ‌ دەتوانی بگەڕێیەوە.

دوای کۆڵێک پاڕانەوە و گریان و زاری، گەڕایەوە و راشکاوانە پێی گوتم: من بەرپرسی  ژیانی تۆ و کچەکەت نیم و هاوڕێیاکانم بۆم گرینگترین. تۆش حەز دەکەی بمێنەوە و حەزیش ناکەی سەرچاوم. ئیتر هیچم نەگوت و لەو رۆژە بە دواوە کارم پێی نەبوو. تا رۆژێکیان کە بڕیاری خۆمم داو پێم گوت بەجێت دێڵم. پێی وابوو بە راستم نییە و هەڕەشەی لێ‌ دەکەم، باوەڕی نەدەکرد. چون گوتی ناتوانی و جەربەزەت نییە، لەبەر کچەکەشت بێ‌ هەر مەجبووری بمێنیەوە بەڵام ئیتر جێیەک بۆ مانەوە نەمابۆوە. سەرەنجام کارمان بە دادگا کێشراو لە کۆتاییدا پاش چەند جار کۆبوونەوە کاتێک گوتم لە هەموو مافەکانی خۆم دەگوزەرێم تەنیا کچەکەمم دەوێ‌، رازی بوو و جیا بووینەوە.

بە هەر بەدبەختی و چارەرەشییەکەوە بوو خۆم و کچەکەم لە نێو ئەو زەلکاوە پیسەدا دەرهێنا. پێم وابوو رزگارم بووە و ئیتر لانیکەم دەتوانم لەوەی بەملاوە خاوەنی خۆم بم و کچەکەم گەورە بکەم. کەچی بەدبەختی دیکە و کێشەی نوێ‌ دەستی پێکرد. شوێنێکم نەبوو بچم، نە ماڵ نە کار و نە هیچ، بە ناچار دەبوا چووبامەوە ماڵی باوکم و لەوێ‌ مابامەوە. لە سەرەتاوە باوکم لە وەرگرتنی کچەکەم خۆی دەبوارد و تا ماوەیەکی زۆر لەگەڵ مانەوەی لەوێدا دژایەتیی دەکرد. لەلایەکی دیکەشەوە پرسیاری خەڵک و ئامۆژگارییەکانیان کە هەموویم دەبا فڕێ‌ دابا. ئەو خەڵکەی کە تا دوێنێ‌ دەیانگوت: هیچ نیە و لەبەر کچەکەت هیچ مەڵێ  و بمێنەوە ئەو جار دەیانگوت بۆ کچی خەڵکی دێنییە ماڵی باوکت؟ ئینجا چۆن دەتەوێ‌ گەورەی کەی و خەرجی بکێشی؟ کچیشە، ها... دەزانی کچ یانی چی؟!

دەتگوت هەموو بەیەکەوە دەیانەوێ‌ من و کچەکەم بەدبەخت و بێچارە بکەن. کەس یارمەتیی نەدەکردین و تەنیا نقورچک و لاتاوو... ماوەیەکی زۆری پێچوو تا من و کچەکەم بەرە بەرە توانیمان لە ماڵی باوکم هەندێک بحەسێینەوە و ئارام بگرین. چەندەها شەوو رۆژ کە لە ماڵی وەدەر نەکەوتووم مەبادا کەسێک شتێک بڵێ‌ یان سووکایەتیم پێ‌ بکەن.

ئەوە  نزیک بە 10 ساڵ تێدەپەڕێ‌ و سەرەڕای ئەو هەموو گیر و گرفتە زۆرانە توانیومە درێژە بە ژیانم بدەم و باشترە بڵێم تەنیا بژیم. زۆر جار ویستوومە خۆم بکوژم بەڵام تەنیا هۆکارێک کە پێشی پێ‌ گرتووم بوونی کچەکەم بووە. لای خۆم دەمگوت ئەگەر من نەمێنم کچەکەم کەسێکی نابێ‌ پشتیوانیی لێ‌ بکا و ئاگای لێی بێ‌ و لە ژێر گوشاری ئەو ژیانە ناخۆش و ئەو مرۆڤە خراپانەدا وێران دەبێ‌ و لە ناو دەچێ‌. هەر بۆیەش لەبەر کچەکەم هەموو ئەو چەرمەسەریانەم بە گیان کڕیەوە.

ئێستا کچەکەم گەورە بووە و خەریکە قۆناغەکانی ژیان و خوێندن تێپەڕ دەکا. لە باری دەروونیشەوە زۆر باشترە و دنیایەک ئارەزووی هەیە. حەز دەکەم ببێتە مامۆستا، ئەوەی بۆ من تەنیا وەک خەونێک مایەوە. پێم خۆشە لەسەر پێی خۆی راوەستێ‌ و خۆی بڕیاری داهاتووی بدا بۆ ژیان و هەڵبژاردنی شەریکی ژیانیشی. حەزدەکەم بە ئەوینەوە ژیانی هاوبەشی دەست پێ‌ بکا و هەست بە خۆشەویستی بکا و چێژی لێ‌ وەرگرێ‌.

منیش بەلایەوە دەمێنمەوە و پشتی دەگرم. دەمەوێ‌ شادییەکانی ببینم و نەهێڵم قوربانیی داخوازییەکانی خەڵکی  بێ‌ و شتێکی بە زۆری بە سەردا بسەپێنن. دەمەوێ‌ بە کۆمەڵگە و مرۆڤەکانی دەورووبەرم بسەلمێنم کە دەکرێ‌ ئازاد بی و ئازاد بژیی.

لە ماوەی ئەو 10 ساڵەدا چەند جار خوازبێنیم هەبوو و کەس واشیان تێدابوو کە خاوەن پێگەیەکی کۆمەڵایەتیی باشیش بوو بەڵام دەترسام جوابیان دەمەوە چون ئیتر نەمدەتوانی باوەڕ بە کەس بکەم، لەلایەکیشەوە لەبەر کچەکەم نەمدەتوانی بە ئاسانی بڕیار بدەم و هەر بۆیەش جوابی هیچیانم نەداوە. دنیای ئێمە و ئەو شوێنەی کە تێیدا دەژیین زۆر لێڵە، کۆمەڵگاکەمان بۆ باوەڕ پێکردن نابێ‌. مرۆڤەکان زۆر بە سەختی دەناسرێن. دەرەوە و ناوەوەیان یەکجار لەگەڵ یەک جیاوازن. رەنگە لەبەر ئەو رابردوو و ئەزموونە تاڵانەی بوومە وا بیر دەکەمەوە بەڵام ئەوە راستەقینەی کۆمەڵگەکەمانە. کۆمەڵگە و فەرهەنگێک کە بۆتە قوربانگەی مرۆڤەکان و زۆر کەس بێ‌ ئەوەی بیهەوێ‌ دەخاتە نێو رێگایەکی ناخۆش و دژوێنەوە...

بڕیارم داوە بۆ کچەکەم بمێنمەوە و بژیم. هەرچی کێشە و گرفتیش کە هەبێ‌ لەسەر رێ لایاندە بەم چون دەمەوێ‌ کچەکەم ببێتە مامۆستاو دەرسی ئازادی و مرۆڤایەتی بە کچانی کۆمەڵگاکەمان بڵێتەوە.

دەمەوێ‌بمێنەوە و هاوارم هەمیشە لە گوێی کۆمەڵگەدا بزرینگێتەوە. دەمەوێ‌ بەو فەرهەنگ و  کۆمەڵگەیە بڵێم ئەگەرچی نەتانهێشت خۆم بم و بە زۆری لە شوێنی هەڵدێردا داتاننام کەچی من هەر نەکەوتم و گەرچی نەمتوانی ببمە مامۆستاش بەڵام بوونی من و ژیان و رابردووم مامۆستایەکی دڵسۆز بۆ کچانی کۆمەڵگاکەم دەبێ‌.

من بەبێ‌ خوێندن بووم بە مامۆستا چون زۆر کەس لە ژیان و چارەنووسی من پەند وەردەگرن، پەندی ژیان و خۆنەدۆڕاندن و ملکەچ نەبوون و کۆڵنەدان...

ئەوەی گوتم کورتەیەک لە چیرۆکی تراژیکی هەزار و یەک شەوی ژیانم بوو. سەرەڕای ئەزموونی دنیایەکی پڕ لە بەدبەختی و چارەڕەشی ئەوەی بۆم گرینگە ئەوەیە کە هێشتاش هەم و کچەکەشم لەلامەو کاتێک سەیری دەکەم و پێکەنین لە روخساریدا دەبینم شوکری خودا دەکەم کە ژیانم بێ‌ بەرهەم نەبووە و دەسکەوتێکی گەورەم هەیە کە بایەخی دنیایەکی هەیە و ئەویش کەسێک یان شتێک نییە جیا لە "کچەکەم".

 

نووسینی  وه حید  که مالی

نظرات 1 + ارسال نظر
اناران نیوز 10 - شهریور‌ماه - 1391 ساعت 00:56 http://kordesh.blogfa.com

سلام خدمت دوست عزیزم
با موضوع:جای خالی رمان در ادبیات کوردی بروزم
منتظر قدمهای سبزتانم

برای نمایش آواتار خود در این وبلاگ در سایت Gravatar.com ثبت نام کنید. (راهنما)
ایمیل شما بعد از ثبت نمایش داده نخواهد شد