کوردێ لوڕیم

مرکزی برای احیای هویت راستین

کوردێ لوڕیم

مرکزی برای احیای هویت راستین

کۆمارێکی ئێکسپایەر لەبەردەم دادگای دیالکتیکی مێژوویی - وەحید کەماڵی

ئەوەی کە ئاشکرایە کۆماری ئیسلامی تەنانەت ئەگەریش بیەوێت 12 داواکارییەکی ئەمریکا جێبەجێ بکات دیسان پێناکرێت و جیاواز لە هۆکارە ناوخۆییەکان ،لە ڕاستیدا وڵاتانێک وەک ڕوسیا ئیجازەی ڕەخسانی ئەم دەرفەتەی پێنادەن   

ڕووداوەکان شاراوە نین و ڕۆژانە چەندین هەواڵی جۆراوجور لەسەر شێوازی پێشبردنی پیلان و سیستەمی گەمارۆکانی ئەمریکا بەرانبەر بە ئێران دەبیسین و دەخوێنین بەڵام ئایا ئەنجام و دەرکەوتەکان ئەوانەن کە بەڕواڵەت بیریان لێدەکەین ؟ ئایا ئەو دوانزە خاڵەی کە لە لایەن ئەمریکا وەک مەرج بۆ تەعامول و دانوستان لەگەڵ کۆماری ئیسلامی ئێران دانراون چارەسەری ناکۆکی و کێشەو گرفتەکانی نێوان ئەمریکاو کۆماری ئیسلامی ئێران دەکەن ؟ ئایا بەڕێوەبەری ئەمریکا و دەوڵەتی ترامپ تەنانەت بە پێبەند بوونی کۆماری ئیسلامی بەو خاڵ و مەرجانەی کە بۆی دیاریکراون دەتوانن دانوستانێکی ستراتیژیک و یەکلاکەرەوە لەگەڵ کۆماری ئیسلامی بکەن ؟ ئایا دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی ئەگەریش بیەوێت ئامادەیی تیا هەیە کە خۆی لەگەڵ ئەو مەرجانە بگونجێنێت و درێژە بە هەبوونی خۆی بدات ؟ وە ئایا کەیسی کۆماری ئیسلامی کۆتایی کێشەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوینە یان بەش و قۆناخێکە لە بەرنامەیەکی ستراتیژیکی درێژخایەن  لەلایەن ئەمریکا بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوین ؟ و پرسیاری دیکە لەم بوارەدا ...

بیل کلینتون سەڕۆکی پێشووی ئەمریکا لە کاتی پێشکەشکردنی وتاری دەستپێکی سەدە لە سەری ساڵی 2000 ئاماژەی دا بە سیاسەتی سەدەی ولایەتەیەکگرتووەکانی ئەمریکا بۆ قەڕنی بیست ویەک و لە ناو وتارەکەیدا ڕایگەیاند ؛ " بەشێکی سەرەکی لە سیاسەتی سەدەی ئەمریکا بۆ سەدەی بیست و یەک دیموکراتیزەکردنی وڵاتانی دونیا بەتایبەت وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوینەو هەتا نیوەی ئەم سەدەیە کێشمەکێشەکان بەردەوام دەبن و وردە وردە دوای ئەوە ئەنجامە ستراتیژییەکان لەدایک دەبن " .

هەروەکو دیمان دەستپێکردنی ئەم پرۆژەیە لە لاوازترین ئەڵقەو ئامانج  واتە وڵاتی ئەفغانستان و شکاندنی هەژموونی تالیبان دەستێپێکرد و  گەیشتە وڵاتی عیراق و بەهاری عەرەبی و لیبیا وسوریەو یەمەن و ئێستا بەڕۆکی کۆماری ئیسلامی ئێرانیشی گرتووتەوە . هەرچەندە دوای ئەو هەموو گوڕانکاریانەی لەم وڵاتانە ڕوویانداوە تا ئێستا هیچکامیان نەگەیشتوونەتە سەقامگیرییەکی تەواو و زۆر قەیران و بابەتی چاوەڕوان نەکراویش لە ناویان خوڵقاون بەڵام خودی ئەم وەزعەپرسیارێکی دیکە دێنیتە ئاراوە کە بۆچی دیالکتیکی گوڕانکارییەکان لەجیاتی گەیشتن بە سەقامگیری و ئاسایش ، قەیران و کێشەو گرفتی بەرهەم هێناوە؟

وڵامی ئەم پرسیارە دەتوانێت ئەمە بێت کە لێکەوتەکانی نزیک بە دو دەیە کێشمەکێش لە نێوان هێزە سەرەکی و ڕەقیبەکان لەدونیاو لە ناوچەی خاوەن سەرچاوەی وزە واتە ڕۆژهەڵاتی ناوین دەرەنجامی هەمان نئوپۆلۆتیک و پێناسەو پێشبردنی سیاسەتی سەدەی ئەمریکایەو سیستەمی جێهانی پێشوو بە هەموو هێزی خۆیەوە لەبەرانبەری هەژموونی خوازی ڕەهای ئەمریکا بەسەر دونیا خۆڕاگری دەکات و هەوڵ دەدات لەلایکەوە نەزم و نیزام و هاوسەنگی پێشوو ڕابگرێت و لەلایەکی دیکەوە دەرەنجامی سیاسەتەکاتی ئەمریکا لە وڵاتەجیاوازەکانی دونیا بەتایبەت لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست قەیران و نائەمنی بێت نەک سەقامگیری لەو وڵاتانەو دەسکەوت بۆ ئەمریکا. ڕاستییەکانی پشت پەردەی سیاسەتی لایەنەکانی ڕەقیب هەرچی بێت بەڵام چەشنی ڕووداوەکان ئەمانگەینێتە ئەم بۆچوونانەی خوارەوە کە :

-ئەمریکا بە شێوازێکی نافەرمی و ڕانەگەیندراو لەنیزام و سیستەمی بەڕێوەبردنی هاوبەش و هاوسەنگی دونیا خۆی خزاندووتە دەرەوەو دەرچوونی ئەمریکا لە چەندین ڕێککەوتن و پەیماننامەو پرۆتوکوڵی جیهانی نیشاندەری ئەمەن کە ئەمریکا چیتر نایەوێت لەسەر ئەساسی بەڕێوەبردنی هاوبەش و هاوسەنگ بەشداری لە مودیرییەتی جیهانی بکات .

- ڕاگەیاندنی شەڕی ئابووری هاوکات لەگەڵ زلهێزەئابوورییەکانی دونیا و دارشتن و بەڕێوەبردنی سیاسەتی نوێ ئابووری لەلایەن واشنگتونەوە لەسیاسەتی ناوخۆ و دەرەوە و سەروەری دراوی دولار لە ئابووری و تیجارەتی جیهانی نیشاندەری ئەویە کە ئەمریکا پێناسەیەکی خۆپەسەند و جیاوازی هەیە بو شێوازی مودیرییەتی ئابووری جیهانی و لەم مودیلە تازەیە ئەمریکا بەدوای شەریک و هاوبەشی باشی ئابووری ناگەڕێت بەڵکو موشتەری وکریار و بازاری باشی کردووتە ئامانج کە زیاتر لە باج وەرگرتن لە ئەمریکا ببێتە سەرچاوەی مالی و دارایی و بەهێزتر کردنی هەژموونی ئابووری ئەمریکا لەسەر ئابووری جیهان.

-ئەمریکا بە زیاترکردنی گەمارۆکان بۆسەر ڕوسیا و زیاکردنی باج لەسەربەرهەم و هەناردەکانی وڵاتانی ڕەقیب  وەکو چین و خاڵی کردنی ژێرپێ یەکێتی ئەورۆپاو ترساندن و تۆقاندنی وڵاتانی عەرەبی کەنداو لەمەترسییەکانی پەرەسەندنی هەژموونی کۆماری ئیسلامی و بەدەستگرتنی دەماری ڕێکخراوی ئۆپێک و سەپاندنی سیاسەتەکانی بەسەر وڵاتانی بەرهەم هێنەری وزە ئەیەوێت ئەم پەیامە بدات بە هەموو وڵاتانی جیهان کە یان دەبێ لەژێر چەتری ڕێبەرایەتی ئەمریکا هەنگاو هەڵگرن بەرەو داهاتوو یاخود لاواز بوون و چوون بە پێشوازی ڕووخان هەڵبژێرن .

کۆبەندی وتەکانی سەرەوە ئەمەیە کە ئەمریکا بە ئۆتوماسیوونێکی (جەهش ) بەهێز و خێرا خۆی لە نیزامی پێشوو ڕزگار کرد و بەم هەنگاوە شۆکێکی گەورەو بەهێزی دا لە هەیکەلی ڕەقیبەکانی کە ڕەهەندو کاریگەرییەکانی ئەم شۆکە لە داهاتوویەکی نزیک  زیاتر دیار دەبن .

هەڵکەوتی کۆماری ئیسلامی ئێرانیش لە پێناسە و سیاسەتی نوێ دەوڵەتی ئەمریکا بۆ جیهان و ڕۆژهەڵاتی ناوین چیتر وەک ڕابردوو ناڕوون و شاردراو نیە و ئێرانیش یەکێکە لەئامانجە ناوچەییکانی ئەمریکا و دەکەوێتە چوارچێوەی ئامانجە گشتییەکانی ئەو وڵاتە و بەلەبەرچاو گرتنی سیاسەت و کردار و وتەکانی ئەندامانی ئیدارەی دەوڵەتی ترامپ تەنها دو ڕێگاو هەڵبژاردە لەپێش کۆماری ئیسلامی ئێران هەیە : " یان ملکەچی سیاسەت و داواکارییەکانی ئەمریکا بێت  یان تا کاتی ڕووخان خۆڕاگری بکات ".

ئەوەی کە ئاشکرایە کۆماری ئیسلامی تەنانەت ئەگەریش بیەوێت 12 داواکارییەکی ئەمریکا جێبەجێ بکات دیسان پێناکرێت و جیاواز لە هۆکارە ناوخۆییەکان ،لە ڕاستیدا وڵاتانێک وەک ڕوسیا ئیجازەی ڕەخسانی ئەم دەرفەتەی پێنادەن و بەڕای من دەوڵەتی ڕوسیا چەندەش بۆی قورس و گران بێت تا ئەو ڕادەیە کە هێز و توانای بێت هەوڵدەدات هەژموونی خۆی تەنانەت لەهەلومەرجێکی وەک سوریە لە ئێران و لەکەش و هەوایەکی قەیراناوی بپارێزێت تاوەکو ئێران لە دەستی دەربچێت بەڵام ئایا تاچەندە ئەمەی پێبکرێت بابەتێکی جیاوازەو دەبێ لە داهاتوو ئەم بابەتە بخرێتە بەرباس، بۆیە دەتوانین بڵەین لە ململانی نێوان ئەمریکاو ئێران  دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسڵامی تا ڕادەیەکی زۆر ناتوانن بڕیاری سەربەخۆ و بێ ویستی روسیا بدەن و ئەگەر شتی جیاواز لەمە ڕووبدات بەحوکمی ئەوەی ڕوسیا دەزانێت ئەگەر ئێران بکەوێتە باوەشی ئەمریکا گەڕاندنەوەی زۆر سەخت و بەجۆرێک نامومکین دەبێت بۆیە بەهەموو هێزی خۆی هەوڵی تێکدانی باردوخی ناخۆی ئێران دەدات و دوور نیە بیکاتە ساحەی شەڕێکی گەورە لەگەڵ ئەمریکا بۆیە ئەمریکاش ئەم بابەتە باش دەزانێت و دەکرێت وا بوترێت کە گەمارۆوە قورسەکانی ئەمریکا بۆ سەر ڕوسیا هاوکات لەگەل گەماڕۆکانی سەر ئێران هەنگاوێکە لە ڕاستای لاوازکردنی ڕوسیا لە داهاتوو و کاتی ئەنجام دانی کرداری کۆتایی لەدژی کۆماری ئیسلامی ئێران.

قۆناغی دووەمی گەمارۆکان دژی کۆماری ئیسلامی دەستێپێکردووە و هەلومەرجی ناوخۆی ئەو وڵاتە ڕۆژ لە دوای ڕۆژ زیاتر قەیراناوی دەبێت تایبەت بۆ خەڵکی کەم دەرامەد و چینی مامناوەند و لەولاوەش لایەنگران و شاخ و باڵەکانی کۆماری ئیسلامی لە ناوخۆ و لە ناوچەکە سەرەرای ئەوەی کە زۆر بە ئاشکرا دەری نابڕن بەڵام تووشی شۆک و دڵەڕاوەکییەکی جیدی بوونەتەوە بە نیسبەت داهاتووی پەیوەندییەکانییان لەگەڵ دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی و کەوتوونەتە بەر چارەنووسێکی نادیار . هەتاکۆ ئێستا کۆماری ئیسلامی بە ڕواڵەت ملکەچی ویستەکانی ئەمریکا نەبووەو ئەوەی دیارە هەوڵە بێوچانەکانی دیپلۆماتکارەکان و لۆبییەکانی ئێران لە دونیای پشت پەردەی سیاسەتیش بۆ بەدەستهێنانەوی ڕەزامەندی ئەمریکا نەگەشتووتە ئەنجام و ئەگەر ئەمریکا سوور بێت لەسەر 12 خاڵە دیاریکراوەکە لەبەرانبەر ئێران ، پێناچێت ئێران بتوانێت بە ڕیگاو فێڵی دیپلۆماتێک خۆی لەسەر مێزی گفتوگو لەگەڵ ئەمریکا ببینێت مەگەر گفتگو بۆ تەسلیم بوون بکات.

کارتەکاتی ئێران لەبەرانبەر ئەمریکا چین ؟

وەک ئاشکرایە کۆماری ئیسلامی لەماوەی ژیانی خۆیدا توانیوییەتی چەند قەبارەیەکی سیاسی – سەربازی وەک حیزبولای لوبنان و حەشدی شەعبی و حوسییەکان و هتد لە چەند وڵاتی ناوچەکە دروست بکات و هێزیان پێ ببەخشێت ، هەروەها کارتی هەڕەشەکردن سەبارەت بە داخستنی گەڕۆی هورموز (چەند کاتی و کورت ماوەش بێت ) بەدەستییەتی . ئێران هێزی سەربازی خۆی لە سوریا جێگر کردووەو ئەوەندە توانیوییەتی پەرە بە سیستەمی موشەکی سەربازی خۆی داوەو تەقریبەن لەگەڵ هەموو ڕێکخراوە توندڕەو و تروریستییەکانی دونیا پەیوەندی ئۆرگانیک و توندوتوڵی ساز کردووەو ئۆپۆزوسیوونێکی لاواز و پەرژو بڵاوەی هەیە کە تەنها هێزێکی بەهێزی نەیاری کۆماری ئیسلامی ڕەنگە بە زەبری زوور ڕێکیان بخات یان یەکگرتوویان بکات .هەروەها وڵاتانێک وەک ڕوسیا و چین (هەرچەندە تا ئێستا لە قۆناخی جیاواز ئێرانیان وەک کارت بەکار هێناوە ) وەک پاڵپشتی خۆی دەبینێت . بەڵام ئایا هەموو ئەم فاکتەرانە دەتوانن لە درێژخایەن بەربەست بن لە بەرانبەر ئەو سیاسەتەی ئەمریکا لەبەرانبەر کۆماری ئیسلامی گرتووتە بەر ؟

بە لەبەر چاو گرتنی تواناکانی ئەمریکا و ئەو وڵاتانەی کە لە پێناو مانەوەو پاراستنی خۆیان بوونە بە هاوپەیمانی ئەمریکا لە بواری سەربازی و مالی و دیپلوماسی و...زۆر ئاشکرایە کە کۆماری ئیسلامی یەکەم لە بواری سەربازی ناتوانێت بۆ ماوەیەکی درێژ خایەن خۆی ڕابگرێت لە بەرانبەر بەهێزترین تەکنولوژیای سەردەم و توانا مووشەکی و سەربازییەکانی لەماوەیەکی کۆرت تووشی شکستی مێژوویی و لەناوچوون دەبن و شاخ و باڵەکانیشی وەک حیزبولای لوبنان و ... چارەنووسێکی باشتریان لە هێزی سەربازی ئێران نابێت . لەلایەکی دیکەوە وڵاتێک وەک روسیا هەرچەندە لەبواری سەربازی لەدوای ئەمریکایە بەڵام سیستەمی ئابووری ناخۆش و هەلومەرجی نالەباری ناوخۆییەکەی دەرفەتی ئەم ڕیسکە زۆر مەترسیدارەی پێنادات کە تەمام عەیار بتوانێت پشتگیری لە ئێران بکات و پێشوەختە بۆ هەموولایەک ئاشکرایە کە لەئەگەری ڕوودانی شەڕ کۆماری ئیسلامی لایەنی دۆڕاوەو لێدانی ئێران چەندین جار قورستر و وێرانکەرتر دەبێت لە لێدانەکەی ڕژیمی بەعسی سەدام و لەلایەکی دیکەوە هێزە چەکدارە لۆکاڵەکانی نەتەوەکانی ناو ئێران دەتوانن گورزی کوشندە بوەشینن لە هەیکەلی سەربازی ناوخۆی کۆماری ئیسلامی و بەو شێوەیە نە هیزی سەربازی خۆی و نە میلیشیا چەکدارەکانی لە ماوەیەکی کورت تووشی شکستی گەورە دەبن و هەرچەندە دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی بیەوێت هەوڵی ئەوە بدات کە پەنا بباتە شێوازی شەڕی پارتیزانی بەڵام ئەم ڕێکارەش ناتوانێت زۆر کاریگەر بێت لەمانەوەی ئەم کۆمارە .

ئەمریکا گەمارۆکانی لەسەر ئێران زۆر بە جیددی پێشدەبات و قوناغ بەقوناغ لەئەگەری ملکەچ نەبوونی کۆماری ئیسلامی زیاتر و فراوانتریان دەکات و هەوڵدەدات تا پێبکرێت پێکدادانی سەربازی لەگەڵ ئێران ڕوونەدات چوونکە باش دەزانێت کە ئێران بۆ قورتارکردنی خۆی لەم باردۆخە و تێکدانی نیزامی گەمارۆکان و بە لاڕێ بردنی پرۆسەی گەمارۆکان لەئەگەری بێ ئۆمێد بوون لە گفتگو لەگەڵ ئەمریکا و تا ئەو کاتەی کە هێزی ماوەتەوە هەوڵی داگیرساندنی شەڕێکی فەرسایشی لەگەڵ ئەمریکاو هاوپەیمانەکانی دەدات کە هەرچەندە ئەگەر ئەمەش ڕووبدات شتێک لە پیلان و مەبەستی سەرەکی ئەمریکا ناگوڕێت و تەنها تێچوو و کاتی گەیشتن بە ئامانج بۆ ئەمریکا زیاتر دەبێت . بۆیە ئەمریکا تا ئەو کاتەی کە توانای دارایی کۆماری ئیسلامی زۆر لاواز ببێت و ئێتر نەتوانێت بە پشتوانەیەکی مالی و دارایی بەهێز پاڵپشتی میلیشیاکانی پەیوەست بە خۆی لە ناوچەکە بێت و  شەڕی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی بکات و باردۆخی ناوخۆیی و خەڵکی ئێران بگاتە ئەو پەڕی خرابی بەجۆرێک کە بەشێوازێکی جیددی بیر لە گۆڕینی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی بکەن  دریژە بە سەپاندنی گەمارۆکان دەدات و هاوتەریب لەگەڵ ئەمەش شەڕی ئابووری و دیپلۆماتێکی خۆی لەگەڵ وڵاتانی پاڵپشتی کۆماری ئیسلامیش دەکات .

بە داخستنی دەرگا تیجارییەکان و بەستنەوەی شادەمارەکانی داهات وردە وردە هێزی ئابووری و دارایی کۆماری ئیسلامی بەرەو نەمان دەچێت و کۆماری ئیسلامی چیتر ناتوانێت وەک جاران دەستوەربداتە وڵاتانێک وەک سوریا و یەمەن و تەنانەت عیراق و بەردەوام بوونی ئەم وەزعە دەبێتە هۆکاری ئەوەی کە زۆربەی هێزە میلیشیاکانی سەربە ئێران هەوڵی گۆڕینی بەرەو پاڵپشتی خۆیان بدەن و وردە وردە تەنها لە پێناو مانەوەی خۆیانیش بێت واز لە هاوپەیمانێتی لەگەڵ کۆماری ئیسلامی بێنن . لە ناوخۆی ئێرانیش سەرهەڵدان و ڕاپەڕینەکانی چینە جیاوازەکان و نەتەوەکان چی لەپێناو بەدەستهێنانی مافی ئابووری و چی لە پێناو مافی سیاسی و کۆمەڵایەتی دەمیکە دەستی پێکردووەو بەشێکی زۆری دارایی و سەروەتی دەسەڵات لەپێناو سەرکۆتی خەڵکی ناڕازی و ئوپۆزیسیونی ناوخۆ هەزینە دەکرێت و ئەم تێچووە هەرکو دەچێت زیاتر دەبێت و بە نەمانی داهاتی نەوت و گاز و تیجارەتی دەرەکی بەهۆی گەماڕۆکان و ناتەوانی دەسەڵات لە دابین کردنی مووچە و بژیوی بۆ هێزەکانی لە ناوخۆ دەبێ شایەتی هەڵوەرینی بەشیکی زۆر لە هێزە سەربازییە ناوخۆییەکانی کۆماری ئیسلامی بین .

ئەمریکا ناچارە بۆ گوڕینی هەڵسوکەوتی کۆماری ئیسلامی لە قۆناغی یەکەم  شاخ و باڵە دەرەکییەکانی ئەم ڕژیمە ببڕێت و کۆماری ئیسلامی بگەینێتە هەلومەرجێک کە تەنها بیر لە مانەوەو بەردەوامی خۆی بکات و ئەو کات لە قۆناغەکانی دیکە هەیکەل و ناوەڕۆکی حاکمیەتی ئێران تووشی گوڕانکاری مەبەست بکات .

دیارە دو قوناغی گەمارۆکان تا ڕادەیەکی زۆر لە هەموو بوارەکان مەبەستی خۆیان پێکاون و کاریکەریان لە سەر ئیرادەی خەڵکی ئێران بۆ بڕیاردان لەسەر گوڕینی چەشنی دەسەڵات داناوەو لەولاوەش دەسەڵات و هەیکەلی کۆماری ئیسلامیی تووشی شڵەژان و ترسی جدی کردوەو بەردەوامی و زیاتر بوونی گوشار و گەمارۆکان هەربەو شێوەیە کە ئیدارەی واشنگتون ماوەیەک جارێک پێداگری لەسەری دەکات ، بێ گۆمان هانی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی بەرەو کۆتایی دەدات .

ئەوەی کە دەبی بۆ ئایندەی نزیک چاوەڕیی بین ئەوەیە کە کۆماری ئیسلامی وردە وردە سەنگەرەکانی لە ڕۆژهەڵاتی ناوین لە دەست دەدات و بە داڕمانی ئابووری و پیشەسازی و لە دەست دانی سەرچاوەکانی داهات و وڵاتەپاڵپشتەکان و شاخ و باڵەکانی دەرەوەی هەموو هێزی خۆی تەرخان دەکات بۆ ئەوەی بتوانێت بە کونتروڵکردنی ناوخۆی ئێران درێژە بە ژیانی خۆی بدات.

لە بیرمان نەچێت سەرەرای ئەوەی کە لایەنەکانی ناو حاکمییەتی کۆماری ئیسلامی بەردەوام هەڕەشەی لێدانی ئیسراییل و ئامانجە ئەمریکییەکان لە ناوچەکە دەکەن بەڵام ئەگەر بێت و کۆماری ئیسلامی هەنگاوێکی لەوشێوەیەهەڵگرێت بێگومان گەلەکۆمەیەکی زۆر گەورەو گرانی سەربازی دەکرێتە سەرخۆی و هاوپەیمانەکانی لە ناوچەکەو ئەمریکاو هاوپەیمانەکانی و ئیسراییل زۆر زووتر لە دەستپێکردنی گەمارۆکان دژی ئێران پیلانێکی تۆکمەو کوشندەی سەربازییان ئامادە کردووە بۆ ئەگەری هەرچەشنە کردارێکی لەو شێوەیە لەلایەن کۆماری ئیسلامی یان کلک و باڵەکانی لەناوچەکە.

لەلایەکی دیکەوە ئیدارەی واشنگتون بۆ کاتی ڕوودانی هەرچەشنە گوڕانکاری لە دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی و ئێران دەبێ لەهەموو بوارەکان ئەلتەرناتیڤی ببێت کە ئەم بابەتەش بە گوێرەی زانیاری و داتاکان دیارە دەمێکە خراوەتە بەر باس و هەنگاوی کرداریشی بۆ هەڵگیراوەو هێماکان ئاماژە بەوە دەکەن کە تەقریبەن هەموو نەتەوەکانی چوارچێوەی ئێران خۆیان لە سیستەمی حوکمرانی داهاتووی ئێران دەبیننەوەو " کورد " ڕۆلێکی ئەکتیڤ و سەرەکیی دەبێت لەم پرۆژەیە... %

 

وەحید کەماڵی ئیلامی

نظرات 0 + ارسال نظر
برای نمایش آواتار خود در این وبلاگ در سایت Gravatar.com ثبت نام کنید. (راهنما)
ایمیل شما بعد از ثبت نمایش داده نخواهد شد